بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "عەلی باقری"، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەکالەت و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد.
ڕۆژی هەینی 14ی حوزەیرانی 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە عەلی باقری وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێک، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ کرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت لەبواری ئابووری و بازرگانی و کولتووری کرایەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێزانینی بۆ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەمەڕ ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی سەرۆکۆماری ئێران و یاوەرانی هەبوو، هەروەها سوپاسی وڵاتەکەی بۆ ناردنی شاندی تایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە پرسەی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بە بارزانی گەیاند.
Your Comment